خامەنەیی دان بەوەدا دەنێت کە متمانەی خەڵک بە حکومەت کەمیکردووە

» ئێران, هەواڵ »
- نوێکرایەوە



“عەلی خامەنەیی”، ڕێبەری حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دانی بەوەدا نا، کە متمانەی خەڵک بە حکومەت کەمیکردووە.

ئەمڕۆ شەممە ٦ی خەرمانانی ١٤٠٠، خامەنەیی لە یەکەم دیداری لەگەڵ ئەندامانی کابینەی “ئیبراهیم ڕەئیسی”، سەرۆک‌کۆماری حکومەتی ئێران‌دا وتی: “گەورەترین سەرمایەی حکومەت متمانەی خەڵکە کە بەداخەوە تۆزێک کەمیکردووە و بۆ چاککردنەوەی دەبێت قسە و کرداری بەرپرسان ببن بە یەک شت.”

ئەو قسانەی عەلی خامەنەیی لەکاتێکدایە کە لە چەند مانگی ڕابردوو هاوڵاتیان لە ئێران لە چەندین پارێزگای جیاواز گردبوونەوەی ناڕەزایی دژ بە کۆماری ئیسلامییان ئەنجامداوە.

هەرچەند ئەو ناڕەزاییانە بەرامبەر بە بێ‌ئاوی و بڕانی کارەبا لە پارێزگای خوزستان دەستیپێکرد، بەڵام زۆر خێرا بوو بە ناڕەزایی سەرتاسەری دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی.

لەو ناڕەزاییانەدا هاوڵاتییان دروشمی “نەمان بۆ خامەنەیی” و “نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی”ییان وتەوە.

خامەنەیی لە قسەکانی ئەمڕۆیدا داوای لە بەرپرسانی حکومەت کرد، کە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی داویانە و دەیدەن ڕۆژژمێر دابنێن و یەک لە دوای یەک بەدواداچوونیان بۆ بکەن.

هەروەها داوای لێکردن، کە خەڵک ئاگاداربکەنەوە سەبارەت بە کێشە و قەیرانەکان، بەڵام جەختیشی لەوە کردووە، کە وریابن ئەو ئاگادارییانە خەڵک بێهیوا نەکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دەوڵەتی “جۆ بایدن”، سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا وتی، ئەو دەوڵەتە هیچ جیازوازییەکی لەگەڵ دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا نییە.

وتیشی، ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوەیدا گورگێکی دڕندەیە کە هەندێک کات دەبێتە ڕێوییەکی فێڵباز، نموونەکەشی دۆخی ئەمڕۆی ئەفغانستان.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی دەسەڵات گرتنی چەکدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستانیان بە سەرکەوتن ناوبردووە لەدژی “داگیرکاریی ئەمریکا” لەو وڵاتەدا.

وەڵامێک بنووسە:

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.

Mobile Sliding Menu